ھێرشێکی چەکداری کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئازربایجان لە تاران
کوردسات نیوز
ھێرشێکی چەکداری کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئازربایجان لە تاران و بەھۆیەوە سێ کەس بوونە قوربانی، ئازاربایجان کارمەندانی باڵیۆزخانەکەی کشاندەوە و بەرپرسیارێتی ھێرشەکەش دەخاتە ئەستۆی ئێران.
وەزارەتی دەرەوەی ئازربایجان بڵاویکردەوە، بەیانی ئەمڕۆ کەسێک خاڵی پشکنینی باڵیۆزخانەکەیانی لە تاران تێپەڕاندووە و بە چەکی کڵاشنکۆڤ ھێرشەکەی ئەنجامداوە، بەھۆیەوە سەرۆکی دەزگای ئاسایشی باڵیۆزخانەکە کوژراوە و دوو پاسەوانیش برینداربوون. وەزارەتی دەرەوەی ئازربایجان راشیگەیاند، ھێرشبەرەکە دەستگیرکراوە لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە، بەڵام پاڵنەری ھێرشەکە و ھۆکارەکەی نەزانراوە، ھەروەھا کارمەندەکانیان لە باڵیۆزخانەکە کشاندەوە و بەرپرسیارێتیش دەخەنە ئەستۆی ئێران.
ھاوکات "ئیلھام عەلییف" سەرۆکی ئازربایجانیش ھێرشەکە بە تیرۆریستی وەسف دەکات و داوای لێکۆڵینەوەی شەفاف دەکات.
ئەو رووداوە کاردانەوەی لێکەوتەوە و مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئازربایجان ئەنجامدا و ئیدانەی ھێرشەکەی کرد.
ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیاش رایگەیاند، مۆسکۆ بەو رووداوە تووشی شۆک بووە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی دیبلۆماتکارانی ئازەربایجان دەکات.
|