گەنجێکی خەڵکی شاری سنە لەژێر ئەشکەنجەی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانی لەدەستدا

27/01/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

گەنجێکی خەڵکی شاری سنە، چەند سەعاتێک دوای دەستبەسەرکردنی، لەژێر ئەشکەنجەی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانی لەدەستدا.

رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، ئەو گەنجە ناوی ئەحمەد ساڵحییە و تەمەنی ٣٥ ساڵە، چەند سەعاتێک دوای دەستبەسەرکردنی لەلایەن ھێزەکانی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان گیانی لەدەستداوە، تەرمەکەشی بۆ نەخۆشخانەی تەوحید لە شاری سنە گوازراوەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگاداریش ئاماژەی بەوەداوە، ئەو گەنجە لە ماڵەکەی خۆیدا بە گومانی ھەبوونی ماددەی ھۆشبەر روبەڕوی لێدان بووەتەوە، ئەگەرچی ھیچ جۆرە ماددەیەکی ھۆشبەر لە ماڵەکەیدا نەدۆزراوەتەوە. 

رێکخراوی ھەنگاو راشیگەیاندووە، ناوەندە ئەمنییەکان بنەماڵەی ئەو گەنجەیان ناچارکردووە کە ھۆکاری گیانلەدەستدانەکەی بۆ ئازاری دڵ بگەڕێننەوە، بەڵام براکەی کە شوێنەواری ئەشکەنجەی پێوە بینیوە ناڕەزایی دەربڕیوە و ئەویش دەستبەجێ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە رفێندراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.