پەیوەندی ژمارەیەک لێپرسراو و تۆمەتباری سەرەکی دزیی سەدە ئاشکرا کرا

27/01/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

دادوەرێکی عێراق پەیوەندی نھێنی ژمارەیەک لێپرسراوی حکومی و تۆمەتباری سەرەکی دزیی سەدە ئاشکرا دەکات.

زیا جەعفەر دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ لە بەغداد لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاندووە، لەکاتی لێکۆڵینەوەکاندا تایبەت بە دزینی دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارەکە کە بە دزیی سەدە ناسراوە، دەرکەوتووە چەندین لێپرسراوی باڵای حکومەتی پێشووی عێراق پەیوەندییان لەگەڵ نور زوھێر تۆمەتباری سەرەکی دزیی سەدە ھەیە و بەردەوامیش ھەوڵدەدەن دۆسییەکە لە بەرژوەندی خۆیان کۆتایی پێبھێنن.

وتیشی، ھەندێک لە کەسایەتییە سیاسییەکانیش بە نھێنی نێوەندگیری بۆ نور زوھێر تۆمەتباری سەرەکی دزیی سەدە دەکەن بۆ ئەوەی دۆسیەکەی بە ئاراستەیەکی تردا بەرن، بەڵام ھەر ئەو سیاسییانە لە میدیاکانەوە بە شێوەیەکی تر قسە دەکەن وەک ئەوەی پشتیوانی لە حکومەت بکەن بۆ لەناوبردنی دزیی و گەندەڵی.