بەیانی ئەمڕۆ ئیسرائیل و فەڵەستین مووشەکیان ئاڕاستەی ناوچەکانی یەکتر کرد

27/01/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

دوای کوژرانی ١٠ کەس لە فەڵەستین، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئیسرائیل و فەڵەستین مووشەکیان ئاڕاستەی ناوچەکانی یەکتر کرد و ئەمریکاش داوای ھێورکردنەوەی رەوشەکە دەکات.

بەپێی ھەواڵی میدیاکان، بەیانی ئەمڕۆ دوو مووشەک لە کەرتی غەززەوە ئاڕاستەی باشوری ئیسرائیل کراوە و لەلایەن سیستمی بەرگری ئیسرائیلەوە بەرپەرچدراونەتەوە، ئیسرائیلیش بە بۆردومانکردنی غەززە وەڵامی ئەو ھێرشە مووشەکییەی داوەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئەمنیش رایگەیاندووە، ١٥ جار بۆردومانی کەرتی غەززە کراوە، بەڵام ھیچ قوربانییەکی لێنەکەوتووەتەوە.

چڕبوونەوەی بۆردومانەکان دوای ئەوەدێت کە نۆ کەس لە کەمپی جنینی تایبەت بە ئاوارە فەڵەستینییەکان و کەسێکی تر لە شارۆچکەی رام لە نزیکی قودس، بە تەقەی ھێزەکانی سوپای ئیسرائیل کوژراون، ھەروەھا لە کەمپی جنین زیاتر لە ٢٠ ھاووڵاتیی فەڵەستینی بریندار بوون، کە برینی چوار کەسیان سەختە.

ھاوکات نید پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتۆن داوای ھێورکردنەوەی رەوشەکە دەکات، بە تایبەت دوای کوژران و برینداربوونی خەڵک لە کەمپی جنین.