رۆژی شەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبێتەوە

27/01/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبێتەوە و ھیچ تەوەرێکی تایبەت بە ناجێگری بەھای دینار بەرامبەر دۆلار لە بەرنامەی کارەکەیدا نییە.

فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکەی بۆ سبەینێ بڵاوکردووەتەوە کە شەش تەوەر لە خۆدەگرێت و بریتین لە خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ چەند پرۆژەیاسایەک، بەڵام ھیچ تەوەرێکی تایبەت بە تاوتوێکردنی دابەزینی بەھای دینار بەرامبەر دۆلار لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەدا نییە، لەکاتێکدا لەچەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەک زۆری پەرلەمانتاران بۆ بانگھێشتکردنی وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی چەند جارێک ئیمزایان کۆکردەوە.

فراکسیۆنی  ئیشراق و دەنگی پەرلەمانتارە سەربەخۆکانیش لە نوسراوێکیاندا بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران، داوایانکردووە بۆ تاوتوێکردنی دابەزینی بەھای دینار محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بانگھێشتبکرێت.