رۆژی شەممە یەکێتی و پارتی لە سلێمانی کۆدەبنەوە

26/01/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

رۆژی شەممە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کۆدەبنەوەو گفتوگۆ لەبارەی کێشەکانی نێوانیان دەکەن.

د. سۆران جەمال تاھیر وتەبێژی یەکێتی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردسات نیوز ئاشکرایکرد، رۆژی شەممە وەفدی یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی بتوانن ھەنگاو بەھەنگاو چارەسەر بۆ کێشە و گرفتەکان بدۆزنەوەو ئەو جیاوازی بیروبۆچوونەوەی لە نێوان ھەردوولادا ھەیە بتوانن لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەریان بکەن.

سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیش وتەبێژی یەکێتی رایگەیاند ئەوان ھەمیشە جەختیانکردۆتەوە لەسەر ئەوەی نابێت مووچە و قوتی خەڵک بە کێشە سیاسیەکانەوە ببەسترێتەوەو دادگای فیدراڵی نابێت بە بڕیارێکی یاسایی کۆتایی بە مووچەو ژیانی ھاوڵاتیانی کوردستان بھێنێت.

د. سۆران جەمال تاھیر سەبارەت لەبارەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش جەختی لە ھەڵوێستی یەکێتی کردەوە کە ھەموو کاتێک ئامادەیە بەمەرجێک یاسای ھەڵبژاردن ھەموار بکرێتەوە.