سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی فەڕەنسا دەکات

26/01/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەردانێکی یەک رۆژە گەیشتە پاریس و لە سەردانەکەدا عێراق و پاریس رێککەوتنی ھاوبەشی ستراتیژی و یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە بواری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی گێڕانەوەی پارە دزراوەکانی عێراق ئیمزا دەکەن.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، سەرۆک وەزیران لە سەردانەکەیدا بۆ پاریس لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا و سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی باڵای حکومەت و نوێنەری ژمارەیەک لە کۆمپانیاکان کەرتی کاری فەرەنسا کۆدەبێتەوەو لە چوارچێوەی پەرەپێدانی ھەماھەنگییەکان، رێککەوتنی ھاوبەشی ستراتیژی لە بوارەکانی ئابوری و وەبەرھێنان و ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئاڵوگۆڕی رۆشنبیری ئیمزا دەکرێت .

ھەروەھا ھەردوو وڵات یاداشتنامەیەکی دوو قۆڵی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان و رادەستکردنی داواکراوان ئیمزا دەکەن، جگە لەوەش سەردانەکە ئیمزاکردنی ژمارەیەک یاداشتنامەی تر لە بواری وەبەرھێنان و وزە و کەرتی نەوت و وزەی پاک و وەبەرھێنان لە گازی سروشتی لەخۆدەگرێت.