رێنمایی نوێ بۆ پێدانی لۆگۆی تەکسی دەردەچێت

25/01/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

وەزارەتی ناخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان چەند رێنماییەکی نوێ بۆ لۆگۆی تەکسی دەردەکات و لۆگۆ دەدرێت بەو شۆفێرانەی دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستانن و ھەروەھا رێگە بەو شۆفێرانەش دەدرێت لۆگۆی تەکسی وەربگرن، کە مووچەکەیان لە ملیۆنێک دینار کەمترە و ھاوکات دواین وادە بۆ کارپێکردنی پڕۆژەکە دیاریدەکات.

بەپێی فەرمانێکی وەزاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لۆگۆی تەکسی دەدرێت بەو شۆفێرانەی دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستانن و لە نێوان گواستنەوەی ئەو ناوچانە و شارەکانی ھەرێمی کوردستان کاردەکەن بەو مەرجەی بەر لەم فەرمانە خاوەن ھێڵی گواستنەوە بن.

لە فەرمانەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ھەر مووچەخۆرێکی کەرتی گشتی، کە کۆی گشتی مووچەکەی لە یەک ملیۆن دینار کەمتر بێت، رێگەی پێدەدرێت لۆگۆی تەکسی وەربگرێت و پێویستە ساڵانە لە کاتی نوێکردنەوەی لۆگۆی تەکسی پشتگیری فەرمانگەکەی، کە کۆی مووچەکەی تێدا روونکراوەتەوە بباتە بەرێوەبەرایەتی گواستنەوەی تایبەتمەند.

وەزارەتی ناوخۆ ئاشکراشیکردووە، لە دوای دەرچوونی ئەو فەرمانە تا رێکەوتی ١٥ی ٧ی ٢٠٢٣ مۆڵەت دەرێتە ئەو شۆفێرانەی تەکسی کە رێکارەکانی لۆگۆی تەکسییان تەواو نەکردووە بۆ تەواوکردنی رێکارەکان، بەپێچەوانەوە دەستدەگرن بەسەر ھەر تەکسییەک کە بێ لۆگۆ کاربکات.