سودانی: عێراق پێویستی بە ھێزی شەڕکەری بیانی نییە

25/01/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بڕیارە سبەینێ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی فەڕەنسا بکات و رایگەیاند، عێراق پێویستی بە ھێزی شەڕکەری بیانی نییە، بەڵکو پێویستیان بە ھێزی راوێژکارییە.

"سودانی" بە رۆژنامەی "لومۆند"ی فەڕەنسی راگەیاند، ھیوادارە سەردانەکەی بۆ فەڕەنسا ئەنجامی باشی ھەبێت  و حکومەتی عێراق ھەوڵدەدات بۆ پەرەدان بە پەیوەندییە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لەسەر بنەمای ھەماھەنگی و ھاوسەنگی.

ئاماژەی بەوەشدا،  ئەو کاتەی عێراق روبەڕوی مەترسی تیرۆریستان بووەوە فەڕەنسا پێشەنگ بوو لە پێشکەشکردنی ھاوکاری بە تایبەت لە ئۆپراسیۆنی رزگارکردنەوەی موسڵ، لەئێستاشدا عێراق پێویستی بە ھێزی بیانی شەڕکەر نییە، بەڵکو پێویستی بە ھێزی راوێژکاری بیانییە بۆ مەشق و راھێنان بە ھێزەکانیان، بۆیە پێویستە ھەمیشە پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بکرێت و نەخشە رێگەی نوێ بۆ داھاتوو دابڕێژرێت. 

ئاماژەی بەوەشدا، ھەستانەوەی ئابوری نیشتمانی لە پێشینەی کارەکانی حکومەتی عێراقە.

چەند سەرچاوەیەکی رەسمیش رایانگەیاندووە، سودانی بە یاوەری وەفدێکی باڵای حکومی سەردانی فەڕەنسا دەکات و لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا کۆدەبێتەوە و ھەوڵەکانی روبەڕوبوونەوەی داعش و پرسی کڕینی چەکی پێشکەوتووی فەڕەنسی و بابەتی ئابوری و وەبەرھێنان تاوتوێ دەکرێن.