گەنجێکی کورد لە گرتووخانەی ناوەندی کەرەج لەسێدارەدرا

25/01/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

گەنجێکی رۆژھەڵاتی کوردستان لە گرتووخانەی ناوەندیی کەرەج لەسێدارەدرا، لە ماوەی سێ ھەفتەی رابردووشدا ئەوە ھەشتەمین بەندکراوی کوردە لە کەرەج لەسێدارە بدرێت.

رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو بڵاویکردەوە، بەپێی زانیارییەکانیان بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە سزای لەسێدارەدانی سامان نەبی گەڕووسی، تەمەن ٣٠ ساڵ و دانیشتووی کەرەج، لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج جێبەجێکراوە.

رێکخراوی ھەنگاو راشیگەیاند، ئەو ھاووڵاتییە خەڵکی کەنگاوەری سەر بە پارێزگای کرماشانە و دوو ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددەی ھۆشبەر دەستبەسەرکراوە و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە.

راشیگەیاند، بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو، لە ماوەی سێ ھەفتەی رابردوودا لانیکەم سزای لەسێدارەدانی ھەشت ھاووڵاتی کورد لە گرتووخانەکانی کەرەج جێبەجێکراوە.