رۆژنامەیەک: چەکی ئەمریکی بۆ شەڕ لەگەڵ چین بەرگەی یەک ھەفتە دەگرێت

25/01/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

کێشەکانی پیشەسازیی چەک لە ئەمریکا ئاشکرا دەکرێن و رۆژنامەیەکیش دەڵێت چەکی ئەمریکی بۆ شەڕ لەگەڵ چین بەرگەی تەنھا یەک ھەفتە دەگرێت.

رۆژنامەی ۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی ئاماژەی بەوە کردووە، کێشە و لایەنە خراپەکانی پیشەسازیی چەکی ئەمریکا لە جەنگی ئۆکراین بەتەواوی دەرکەوتووە بەشێوەیەک چەکی ئەمریکی لەو ئاستەدا نییە بتوانێت روبەڕوبوونەوەی پیشەسازیی چەکی چین ببێتەوە و لێپرسراوانی باڵای سەربازیی ئەمریکاش درکیان بەو راستییە کردووە.

بەپێی رۆژنامەکە، نەک ھەر پیشەسازیی چەک، بەڵکو کۆگاکانی چەک و پێداویستییە سەربازییەکانی ئەمریکاش ھێندە کەمن ئەگەر شەڕ لەگەڵ چین روبدات تەنھا بەرگەی یەک ھەفتە دەگرن و ھیچ جۆرە چەک و پێداویستییەکی سەربازییان تێدا نامێنێت، بەتایبەتیش دوای رەوانەکردنی بڕێکی زۆر چەک و پێداویستی سەربازیی لەلایەن ئەمریکاوە بۆ ئۆکراین لەماوەی چەند مانگی رابردوودا.