ئێران: پشتیوانی ھیچ لایەنێکی شەڕی روسیا و ئۆکراین نەبووین
کوردسات نیوز
لێپرسراوێکی باڵای ئێران دەڵێت ھیچ کاتێک لەگەڵ شەڕی ئۆکرایندا نەبوون و پشتیوانی ھیچ لایەنێکیشیان نەکردووە.
عەلی رەزا عینایەتی بەڕێوەبەری گشتی ناوچەی کەنداو لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە ئاژانسی ئیرنای رەسمی راگەیاندوە، لە چوارچێوەی دیدار و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای ھەندێک لە وڵاتانی کەنداو، ھەڵوێستی ئێرانیان لەبارەی شەڕی ئۆکراین رونکردووەتەوە کە لەسەرەتاوە تائێستاش لە دژی ئەو شەڕە بوون و پشتیوانی ھیچ لایەنێکیشیان نەکردووە و بێلایەن بوون.
وتیشی، ئێران ھەمیشە لەگەڵ بژاردەی شەڕدا نەبووە و پێی وابووە ھیچ کاتێک شەڕ کێشە و قەیرانەکانی چارەسەر نەکردووە و ئامادەشن لەگەڵ ئۆکراین گفتوگۆ بکەن بۆئەوەی لە نزیکەی ئاگاداری ھەڵوێستی ئێران بن، کە ھیوادارە کێشە و ئاڵۆزییەکانی لەگەڵ روسیا بە زوترین کات چارەسەر بکرێن.
|