دوو دۆسێی نوێی گەندەڵی و بەھەدەردانی پارە لە عێراق ئاشکرا دەکرێن
کوردسات نیوز
دوو دۆسێی نوێی گەندەڵی لە عێراق ئاشکرا دەکرێن کە بەھۆیانەوە زیاتر لە ١٥١ ملیار دینار بەھەدەر دراوە.
محەمەد نوری ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایکرد، دوای کۆکردنەوەی بەڵگە و زانیاری ورد بۆیان دەرکەوتووە فەرمانبەرێکی نووسینگەی ئەمیندارێتی گشتی بەغداد و بەڕێوەبەری فەرمانگەی دارایی و کارگێڕی فەرمانگەی ئاوی بەغداد تۆمەتبارن بە بردنی ١٥٠ ملیار دینار کە لەرێگەی بودجەی تایبەت بە پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی بەغدادەوە پارەکەیان کۆکردووەتەوە، وتیشی، سەرجەم زانیارییەکانیان رادەستی دەستەی دەستپاکی و دادگاکردووە بۆئەوەی رێکاری یاسایی بۆ وەرگرتنەوەی پارەکە بگیرێتەبەر و تۆمەتبارانیش سزا بدرێن.
فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی سەر بە دەستەی دەستپاکی عێراقیش ئاشکرایکردووە، بە فەرمانی دادگای لێکۆڵینەوەی تایبەت بە دۆسێکانی دەستپاکی لە پارێزگای سەڵاحەدین، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ئەندازیاریی لە دیوانی وەقفی سونی و چوار تۆمەتباری تر دەستگیرکراون کە سەرۆکی ئەندازیارانی دیوانی وەقفی سونیشی تێدایە، لەسەر بەھەدەردانی ملیارێک و ٥٧١ ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار دینار لە پرۆژەکانی تایبەت بە دروستکردنی منارەی مزگەوتەکان لە پارێزگای سەڵاحەدین کە بۆ ھەر منارەیەک ٥٦ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دینار تەرخانکراوە.
|