چاوەڕوان دەکرێت ھەفتەی داھاتوو سەرۆکایەتی لیژنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران یەکلایی بکرێنەوە

24/01/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

چاوەڕوان دەکرێت ھەفتەی داھاتوو سەرۆکایەتی لیژنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران یەکلایی بکرێنەوە، کوتلە کوردستانییەکان سەرۆکایەتی چوار لیژنە و جێگری حەوت لیژنەیان بەردەکەوێت.

"کەریم شکور" جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت ھەفتەی داھاتوو دەستەی سەرۆکایەتی لیژەکانی ئەنجومەنی نوێنەران یەکلایی بکرێنەوە، بەھۆی ئەوەی کورد ١٩%ی ئەنجومەنی نوێنەران پێکدەھێنێت لە کۆی ٢٥ لیژنەی ھەمیشەیی سەرۆکایەتی چوار لیژنەی بەردەکەوێت.

 وتیشی، کوتلە کوردستانییەکان سەرۆکایەتی لیژنەکانی"لیژنەی یاسایی و تەندروستی و پەیوەندییەکانی دەرەوە و لیژنەی کۆچ وکۆچبەران"یان بەردەکەوێت.

کەریم شکور باسی لەوەشکرد، ھەروەھا بۆ لیژنەکانی دەستپاکی و ئاسایش و بەرگری و دارایی و کاروباری شەھیدان و ھەرێمەکان و گواستنەوە و گەیاندن و کارەبا جێگری یەکەمی بەر کورد دەکەوێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دوای دیاریکردنی دەستەی سەرۆکایەتی لیژنەکان، فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش بە رێککەوتن سەرۆکایەتی ئەو لیژنانە دابەش دەکەن.