رۆیتەرز:ئەمریکا لەبارەی بردنە دەرەوەی دۆلار بە قاچاخ ھۆشداری توندی داوەتە سودانی

24/01/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بۆ روبەڕوبوونەوەی بازرگانان لە بەقاچاغبردنی دۆلار، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ھانای بۆ ھێزی نوخبەی روبەڕوبوونەوەی تیرۆر بردووە و ئەمریکاش ھەڕەشەی روخانی حکومەتەکەی لێدەکات.

ئاژانسی رۆیتەرز لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، بە فشاری ئەمریکا، "سودانی" ھانای بردووە بۆ ھێزی نوخبەی روبەڕوبوونەوەی تیرۆر بۆ ئەوەی بەرەنگاری ئەو بازرگانانە ببێتەوە کە دۆلار بە قاچاغ دەبەنە ئێران. 

عەقیل فەتلاوی پەرلەمانتاری شیعە لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەمریکییەکان رێنمایی و ھۆشداری توندیان داوە بە "سودانی" سەبارەت بە حەواڵەکردنی دۆلار و دوایانکردووە کە ھەنگاوەکانی لەگەڵ بەرژەوەندی ئەمریکا بێت، ئەگەرنا ھەر ھەڵسوکەوت و ھەنگاوێک دژیان بنێت روخانی حکومەتەکەی لێدەکەوێتەوە. 

لێپرسراوێکی باڵای بانکیش لەو راپۆرتەدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەمریکا پەیامێکی روونی داوەتە لێپرسراوانی عێراقی و رایانگەیاندووە کە دەبێت پابەندبن بە پەیڕەوە نوێیەکان، ئەگەرنا بانکی ناوەندی عێراقی روبەڕووی سزا و غەرامە دەبێتەوە.