نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت گەیشتە سەروو ٨٨ دۆلار

24/01/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بەھۆی گەشبینی سەبارەت بە بوژانەوەی ئابوری جیھان و زیادبوونی داواکاری لە وڵاتی چینەوە، ئەمڕۆ نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت ٨٨ دۆلاری تێپەڕاند.

ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت پێنج سەنت رووی لە بەرزبوونەوە کرد و بە ٨٨ دۆلار و ٢٤ سەنتەوە مامەڵەی پێوەکرا. 

نرخی نەوتی تەکساسیش ١٣ سەنت بەرزبووە و گەیشتە ٨١ دۆلار و ٧٥ سەنت بۆ ھەر بەرمیلێک. 

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھان دوای ئەوە دێت کە چین کۆتوبەندەکانی روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنای ھەڵگرت و چەندین ئاماژە ھەن کە داواکاری چین بۆ کڕینی نەوت زیاتر بووە.

ھاوکات بازرگانان ترسیان ھەیە لەوەی سزاکان لەسەر روسیا کاریگەری لەسەر نەوت ھەبێت و بەوھۆیەشەوە نرخی نەوت روو لە بەرزبوونەوەیە. 

لەلایەکی ترەوە بازرگانان چاوەڕێی ئامار و داتاکانی تایبەت بە زیان و دەستکەوتەکانی گەورە کۆمپانیاکان دەکەن، تا بۆیان روون بێتەوە ئابوری جیھان بە چ ئاڕاستەیەکدا ھەنگاو دەنێت.