لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە لە ئێران ٧٩ رۆژنامەنوس دەستگیرکراون

23/01/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان لە رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە و ژمارەی رۆژنامەنوسە دەستگیرکراوەکانیش بۆ ٧٩ کەس بەرزبووەوە.

شەوی رابردوو لە تارانی پایتەخت و کەرەج و دێھگولان و چەند شارێکی تر خەڵک جارێکتر رژانەوە سەر شەقامەکان و بە کردنەوەی ئاگر و داخستنی شەقامەکان، ناڕەزایی خۆیان دژی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی و رەوشی وڵاتەکە دەربڕی و دروشمەکانی دژی حکومەت و دەسەڵاتدارانی ئێرانیان وتەوە.

بە پێی میدیاکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران، لە کەمتر لە ٤٨ سەعاتی رابردوودا سێ ژنە رۆژنامەنوسی دیکە بەناوەکانی (سەعیدە شەفیعی) و (مێلیکا ھاشمی) و (مێھرنوش زارعی) دەستگیر کراون و ژمارەی رۆژنامەنوسە دەستگیرکراوەکان لە ئێران بۆ ٧٩ کەس بەرزبووەتەوە کە تا ئێستا لانیکەم ٣٠ کەسیان لە زیندان ماون و ئازاد نەکراون.