حکومەتی عێراق حەوت بڕیاری بۆ جێگیرکردنی بەھای دراوی بیانی دەرکرد

22/01/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

حکومەتی عێراق حەوت بڕیاری بۆ جێگیرکردنی بەھای دراوی بیانی و کەمکردنەوەی زیانەکان لە سەر ھاووڵاتیان و ئابوری وڵات دەرکرد.

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەئامادەبوونی پارێزگاری بانکی ناوەندی و بەڕێوەبەرانی گشتی دەروازە سنورییەکان و باج و گومرگ و پێشانگە بارزگانییەکان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ یەکێتی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق کرد کە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەبارەی ھۆکارەکانی ناجێگیری بەھای دراوی بیانی لە بازاڕەکانی عێراق و کاریگەری لەسەر ھاووڵاتیان .

لەسەر بنەمای راسپاردەکانی سەرۆک وەزیران و پێشنیازەکانی کۆبوونەوەکە ، چەند بڕیارێک دران بۆ جێگیرکردنی بەھای فرۆش و رێگری لەیاریی پێکردنی و کەمکردنەوەی زیانەکانی سەر ئابوری نیشتمانی.

لەوانەش،  کردنەوەی پەنجەرەیەکی نوێ بۆ فرۆشتنی دراوی بیانی بە بازرگانانی بچوک لە بانکی بازرگانی عێراقی. و پارەدارکردنی بانکی بازرگانی لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بە بڕە پارەیەکی زیاتر کە دەگاتە ٥٠٠ملیۆن دۆلار بەمەبەستی کردنەوەی سەنەد بۆ بازرگانانی بچوک.

ھەروەھا  بڕیاردرا رێگە بدرێت بە ھاوردەکردنی کاڵاو کەلوپەل لە لایەن  کۆمپانیا تۆمارکراوەکان  لە وەزارەتی بازرگانی فیدراڵی و ئاسانکاری بکرێت لە رێکارەکانی ھاوردەو کەمکردنەوەی مەرجەکانی کردنەوەی سەنەد .
بڕیاریشدرا، ژوورە بازرگانییەکان و یەکێتییە پیشەسازییەکان بەشداری لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وزاری بۆ ئابوری بکەن، کە ھەفتانە دەکرێن بۆ بەدواداچوونی بڕیارەکان.