عێراق بەنرخی ھەرزان ھێلکە و مریشک و ئارد بۆ ھاوڵاتییان دابین دەکات

21/01/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

وەزارەتی بازرگانی عێراق بەنرخی ھەرزان و پاڵپشتیکراو ھێلکە و مریشک و ئارد بۆ ھاوڵاتیان دابین دەکات

"محەمەد حەنون" وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی بازرگانی کۆگاکانی ئامادەکردووە بۆ خستنە بازاڕی کەلوپەلە خۆراکییە سەرەکییەکان بە نرخی پاڵپشتیکرا و بۆ بریکارەکان، لە رۆژی یەک شەممەوە تەبەقێک ھێلکە بە ٤ ھەزار و ٧٥٠ دینار و فەردەیەک ئارد بە ٤٠ ھەزار دینار بۆ بریکارەکان دابین دەکات، نرخەکان بەو شێوەیە جێگیر دەبێت.

راشیگەیاندوە، بریکارەکان دەتوانن بەو نرخە دیاریکراوە ھێلکە و ئارد لە کۆگاکانی سەر بە وەزارەتی بازرگانی عێراق بکڕن، ئەوەش بەمەبەستی دابینکردنی کەلوپەل و خۆراکە بە نرخێکی گونجاو بۆ ھاووڵاتیان.

وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق جەختی لەوەشکردوەتەوە، بڕیارە لە داھاتوودا نرخی مریشک ھەرزان بکەن بە شێوەیەک نرخی کیلۆیەک مریشک بۆ نیوەی نرخی ئێستا دابەزێنرێت ھەوڵەکانیش بەردەوام دەبن بۆ جێگیرکردنی نرخی خۆراکەکانی تر.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، تیمەکانی چاودێری وەزارەتی بازرگانی و نوێنەرانی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ئابووری لە وەزارەتی ناوخۆ و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، بەدواداچوون بۆ بازاڕ دەکەن و بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ ھەر حاڵەتێکی دەستکاریکردنی نرخەکان دەکەن.