دادگایەکی بەغداد بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی کۆمپانیاکەی نور زوھێری ھەڵوەشاندەوە
کوردسات نیوز
دادگایەکی عێراق بڕیاری دەستبەرداگرتنی کۆمپانیاکەی تۆمەتباری سەرەکی دزیی سەدە ھەڵدەوەشێنێتەوە.
میدیاکانی عێراق نوسراوێکی دادوەر زیا جەعفەر جێگری سەرۆکی دادگای تێھەڵچوونەوەی ناوچەی کەرخی بەغدادیان بڵاوکردووەتەوە و بەپێی نووسراوەکە بڕیاری دەستبەرداگرتنی کۆمپانیای پایتەخت بۆ ھاوردەکردن و وەبەرھێنانی خانووبەرەو پیشەسازی ھەڵوەشێنراوەتەوە کە لەلایەن (نور زوھێر جاسم) خاوەندارێتی دەکرێت کە تۆمەتباری سەرەکی دزینی دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارەکەی دەستەی گشتی باجەکانی عێراقە.
ھەر بەپێی نوسراوەکە ھۆکاری دەرکردنی ئەو بڕیارە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تۆمەتبارەکە بەشێکی زۆری ئەو پارانەی گەڕاندووەتەوە کە لە کۆی دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارە دزاروەکە پشکی ئەو بووە، بەڵام سەرجەم سەروەت و سامانەکانی تری لە ژێر دەستبەرداگرتندا دەمێنێتەوە تائەو کاتەی کۆی پارەکە دەگەڕێنێتەوە.
لەلایەکی تریشەوە باسم خەشان پەرلەمانتاری سەربەخۆی عێراق رایگەیاند، دەستی دەستی و یاریکردن بە دۆسێی دزیی سەدەوە بەدی دەکرێت و ئەگەر چاودێرییەکی ورد نەکرێت، دوور نییە دۆسێکە بائاسانی دابخرێت بەبێ ئەوەی بگاتە ئەنجام.
|