وەزارەتی پلاندانانی عێراق: ساڵی رابردوو رێژەی ھەڵئاوسان بەرزبووەتەوە

21/01/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، بەھۆی گۆڕانی بەھای دراو و لێکەوتە جیھانییەکان لە ساڵی رابردوودا تێکڕای ھەڵئاوسان لە عێراق بەرزبووتەوە و گەیشتۆتە لەسەدا ( شەش بۆ حەوت ).


عەبدولزەھرە ھنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، لە دەرئەنجامی لێکەوتەکانی جەنگی ئۆکراین و گۆڕانکارییەکانی ژینگە، نرخی خۆراک و وزە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە، ئەوەش وایکردوە، رێژەی ھەڵئاوسان لە جیھاندا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزببێتەوە.

رونیشیکردەوە، لە ساڵی رابردوودا لە عێراق تێکڕای ھەڵئاوسان بە کاریگەری لێکەوتە جیھانییەکان و گۆڕانکاری لە بەھای دراو رووی لەبەرزبوونەوە کردووەو بەراورد بە ساڵانی رابردوو گەیشتۆتە لەسەدا

( شەش بۆ حەوت ).

بەوتەی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان، ئەو جۆرە لە بەرزبوونەوەی ھەڵئاوسان کەڵەکەبونێکی سروشتییە بە درێژایی مانگەکانی رابردوو، ھۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی خزمەتگوزارییەکان و قەبارەی ئاڵوگۆڕی دراوی نەختینە لە بازاڕەکاندا.

جەختیشی کردەوە، رێوشوێنی راستەقینە بۆ رێگری لە ھەڵئاوسان بریتییە لە پاڵپشتیکردنی بەرھەمی ناوخۆیی و پاراستنی بەھای دراوی نیشتمانی و سنوردارکردنی ھاوردەکردن.