بانکی ناوەندیی عێراق : دابەزینی بەھای دینار کاتییە

10/01/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ھەرچەندە بەھای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار بەردەوام لە دابەزیندایە، بەڵام جارێکیتر بانکی ناوەندیی عێراق جەختدەکاتەوە کە ئەو دابەزینەی بەھای دینار کاتییە.

بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، لە چوارچێوەی ھەوڵەکان بۆ سەقامگیری بەھای دراوی بیانی لە بازاڕەکاندا، دەروازە بانکییەکانی فرۆشتنی دراوی بیانی بۆ ٢٠ بانک زیادکردووە، جەختیشیکردەوە، دابەزینی بەھای دینار بەرامبەر دۆلار، بارودۆخێکی کاتییە.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەک ھەوڵێک بۆ بەرزکردنەوەی بەھای دینار بەرامبەر دۆلار، لە رێگەی بانکی "عێراقی بۆ بازرگانی" پەنجەرەیەکیان بۆ فرۆشتنی دۆلار لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد کردووەتەوە و بەشێوەی نەختینە دۆلار بە گەشتیاران دەفرۆشن و ھەر گەشتیارێک دەتوانێت تاکو پێنج ھەزار دۆلار بکڕێت.

ئەو ھەنگاوانەی بانکی ناوەندیی عێراق لەکاتێکدایە بەھای دینار بەرامبەر دۆلار بەردەوام لە دابەزیندایە.