چەند زانیارییەک لەبارەی یاسای بودجەوە

22/04/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

یاسای بودجەی عێراق کە لە ٧٦ پەڕە و ٦٩ ماددە پێکھاتووە، لەرووی ناوەرۆکەوە ھەڵگری کێشە داراییەکانی ساڵانی رابردووی عێراقە.

لە بودجەی ٢٠٢١دا ئاماژە بۆ قەبارەی باجەکان کراوە، کە تەنھا  لە % ٣ یە ، ئەمەش نزمترین ئاستی داھاتە لە کۆی دھاتی گشتی وڵاتدا،  داھاتی باجی دەسھاتەکانیش ساڵانە تەنھا لە ٤٥٠ بۆ ٥٠٠ ملیار دینار پێک دەھێنێت، لە کاتێکدا مانگانە ٥ ترلیۆن و ٤٠٠ ملیار دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی حکومی دەڕوات، کە نزیکەی %٣٤ی بۆ مووچەی بنەڕەتی فەرمانبەرانە و %٦٦ەکەی بۆ دەرماڵەکەیانە، دەرماڵە و مووچەی بنەڕەتی بە ھەردووکیان تائێستا ھیچ باجێکیان لەسەر نیە، ھەر بۆیە لە ١٣ی نیسان (عەلی عەلاوی) وەزیری دارایی عێراق پێشنیازی باج خستنە سەر مووچەی بەشێک لە فەرمانبەرانی خستبووەروو.

بەگشتی ئەم بودجەی ٢٠٢١ەی عێراق گرفتارە بە بودجەی ٢٠٢٠ و ساڵانی پێش خۆی کاتێک خەرجی کارپێکردن سەردەمانێک ٧ ترلیۆن دیناری مانگانەی تێپەڕاند بوو، تاکە سەرچاوەی پارەدارکردنی ئەو خەرجیە زەبەلاحەش لە %٩٠ ی دەگەڕایەوە بۆ داھاتی نەوت، ھەر بۆیە لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوتدا حکومەت لە نێوان دوو بژاردەدا خۆی بینیوە:

 یەکەمیان قەرز لە ناوخۆی عێراق بکات بە بانکی ناوەندیشەوە ، ھەمان قەرز نەکات و خەرجیە کارپێکراوەکانی کەم بکاتەوە، حکومەتەکەی مستەفا کازمی بژاردەی یەکەمیانی قبوڵکرد و  بۆ ئەو مەبەستەش داھاتی گشتی نەوت دەبوو بە رێژەی لە %١٢٠ زیاد بکات ھەتا بتوانێ بەشی موچە خۆرانی بکات، بۆیە ئەم سیناریۆیە لە بودجەی ٢٠٢١یشدا رەنگی داوەتەوە، چونکە بەر لە ناردنی بودجەکە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانیش لە کۆتایی ٢٠٢٠دا، حکومەتەکەی کازمی نزیکەی ٧٠ ترلیۆن دینار قەرزی ناوخۆ و دەرەوەی لەلابووە، بەڵام لە چانسی بودجەی ٢٠٢١ ئەوەیە نرخی یەک بەرمیل نەوت بە (٤٥) دۆلار خەمڵاندووە، بەڵام لە ماوەی ٤ مانگی رابردوو نرخی نەوت لە سەرو ٦٠ دۆلارەوە ھەڵبەز و دابەز دەکات.ھەروەھا بەپێی ھەمان بڕگە لە یاسای بودجە  بەھای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بە (١٤٥٠)دینار دیاری کردووە،بەمەش سیاسەتی نەختینەی گۆڕانکاری لە خۆیدا کرد بەگرتنەبەری  فەلسەفەی دراوی گران بە دراوی ھەرزان و توانی %٢٣ وەک باجی ھەڵاوسان بگەڕێنێتەوە خەزێنەی دەوڵەت،بەڵام ئەمەش لەسەر شانی مووچەخۆران و دەسھات دیاری کراوەکان.