جارێکی دیکە بەھای دینار بەرامبەر دۆلار دابەزی

04/01/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

جارێکی دیکە بەھای دینار بەرامبەر دۆلار دابەزی، ئەوەش بەھۆی ڕاگرتنی خستنەڕووی دۆلار بەشێوەی حەواڵە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بۆ رۆژی پێنجشەممە.

لەکاتی کردنەوەی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە ھەرێمی کوردستان و عێراق، ١٠٠ دۆلار بە ١٥٦ ھەزار دینار مامەڵەی پێوەکرا.

بانکی ناوەندی عێراق بۆ ئەمڕۆ ١٠٨ ملیۆن دۆلار دەخاتەڕوو و بڕیارە بۆ رۆژی پێنجشەممەش بەشێوەی کاش ٤٣ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دۆلار بخاتەڕوو.

بانکی ناوەندی عێراق خستنەرووی دۆلاری بەشێوەی حەواڵە بۆ رۆژی پێنجشەممە ڕاگرتووە و ئەوەش پەیوەندی بەو ڕێوشوێنە کارگێڕی و تەکنیکیانەوە ھەیە کە دەیەوێت ئەو دۆلارەی لە عێراقدا ھەیە وڵاتانی ھەرێمی سودی لێ وەرنەگرن.

دابەزینی بەھای دینار بەرامبەر دۆلار لە کاتێکدایە،  کە بانکی ناوەندی و وەزیری دارایی و حکومەتەکەی سودانی دڵنیایی دەدەن کە دابەزینی بەھای دینار دۆخێکی کاتییە و چارەسەر دەبێت.