شارەزایانی ئەمنی : داعش لە ساڵی ٢٠٢٣ بە بەهێزی دەردەكەوێتەوە

30/12/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

زیادبوونی پەلامارەکانی گروپی تیرۆریستی داعش لە عێراق و سوریا، لە ماوەی رابردوودا بووەتە جێی پرسیار و شارەزایانی ئەمنی و سەربازی بە ئاماژەیەکی دەزانن بۆ خۆ رێکخستنەوە و سەرلەنوێ دەرکەوتنەوەی بە بەھێزی لە ساڵی ٢٠٢٣دا.

گروپی تیرۆریستی داعش لە ساڵی ٢٠١٧ لە عێراق و لە ٢٠١٩ەوە لە سوریا شکستی پێھێنراوە و ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانی کوژراون، بەڵام لەوکاتەوە شانە نوستوەکانی بەردەوام پەلاماری تیرۆریستیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ھەسەدە لە رۆژئاوای کوردستان ئەنجامداوە کە دواھەمینیان ھێرشەکەی رۆژی دووشەممەی رابردووی سەر بنکەیەکی ھێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوا بوو لە شاری رەقە کە بەھۆیەوە شەش ئەندامی ھەسەدە کوژران.

رامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، زیادبوونی ھێرشەکانی داعش لە ساڵی ٢٠٢٢ ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٣ چالاکتر دەردەکەوێتەوە.

رونیشیکردەوە، داعش لە مانگەکانی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ کردەوەکانی کەمبوون، بەڵام لە سێ مانگی کۆتایدا  ھێرش و کردەوەکانی زیادییان کردووە و دەیان پەلاماری لە ناوچەکانی ژێر دەستی ھێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی سوریا ئەنجامداوە.
بە وتەی بەڕێوەبەری روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، داعش لە رێی شانە نوستووەکانییەوە جموجۆل دەکات و کاتێک کردەوەی تیرۆریستی لە شاری دەرعا لە سنوری ئوردن و رەققە لە سنوری تورکیا و ئەلبوکەمال لە سنوری عێراق و  ناوچەکانی دەوروبەری حەلەب و حمێ و دیمەشق ئەنجامدەدات بەڵگەیە لەسەر ئەوەی گروپەکە لە رووبەرێکی فراوانی جوگرافیدا بوونی ھەیە.

ھەروەھا شارەزایانی ئەمنی و سەربازی لە عێراق دەڵێن، داعش لە ساڵی ٢٠١٧ لە عێراق شکستی پێھێنراوە، بەڵام ھێشتا شانە نوستوەکانی گروپەکە لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنی ھەیە جموجۆڵیان ھەیە و بەردەوام ھاووڵاتیان و ھێزە ئەمنییەکان دەکەنە ئامانج. ئەوەش ئەو پەیامە دەگەیەنێت کە ھێشتا کۆتایی نەھاتووە و دەیەوێت لە ساڵی ٢٠٢٣ بە بەھێزی دەربکەوێتەوە.

بەپێی راپۆرتێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ٦ بۆ ١٠ ھەزار تیرۆیست لە ھەردوو وڵاتی عێراق و سوریا بڵاوبوونەتەوە کە زۆرینەیان ھاووڵاتی ھەردوو وڵاتەکەن و لە گوند و ناوچە دوورە دەستەکاندان، راشیگەیاندوە، سنوری نێوان عێراق و سوریا ھێشتا لاوازترین ناوچەیە کە داعش بەکاریدەھێنێت بۆ جموجۆڵەکانی لە نێوان ھەردوو وڵات.