راوێژکاری سودانی: دابەزینی بەھای دینار بەرامبەر بە دۆلار کاتییە

26/12/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

مەزھەر محەمەد ساڵح راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، دابەزینی بەھای دینار بەرامبەر بە دۆلار کاتییە و عێراق توانای ھەیە بۆ جێگیرکردنەوەی رەوشەکە.

مەزھەر محەمەد ساڵح بە ئاژانسی ھەواڵی عێراقی راگەیاند، ھۆکاری ناوخۆیی و دەرەکی لە پشت ناجێگیری بەھای دینارەوەیە، ھۆکارە ناوخۆییەکان پەیوەندییان بە دۆلاری نەختینەوە ھەیە، کە بانکی ناوەندی ساڵانە نزیکەی ١٠ ملیار دۆلار دابیندەکات بۆ نوسینگە و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو و بانکەکان بە مەبەستی گەشتیاری، ھەروەھا ژمارەیەکی زۆر لە پێداویستییەکانی ناوخۆ لەئێستادا بە دۆلار کڕین و فرۆشیان پێوە دەکرێت. 

وتیشی، لایەنی نێودەوڵەتی ناڕازین سەبارەت بە گواستنەوەی دۆلار لەلایەن ھەندێک لە بانکە ئەھلییەکان، بۆیە گواستنەوەی دۆلار لەلایەن بەشێک لەو بانکانەوە رەتکراوەتەوە. 

بە وتەی راوێژکارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، یەدەگی دراوی بیانی گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لە مێژووی وڵاتەکە، بۆیە ھیچ نیگەرانییەک نییە و عێراق توانای ھەیە بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری بەھای دینار و بەرزبوونەوەی دۆلاریش کاتییە و پەیوەستە بە رێکارە کارگێڕی و داراییەکان.