ماوەی ٤٣ ساڵە بەھای تمەن ھێندەی ئێستا دانەبەزیووە

18/12/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

پارێزگاری بانکی ناوەندی ئێران رایگەیاند، خۆپیشاندانە بەردەوامەکانی سێ مانگی رابردووی ئێران ھۆکاربوون بۆ داڕوخانی بەھای تمەن، بە جۆرێک کە ماوەی ٤٣ ساڵە تا ئێستا بەھای تمەن ھێندە دانەبەزیووە.

عەلی ساڵح ئابادی، پارێزگاری بانکی ناوەندی ئێران رایگەیاند، خۆپیشاندانەکان ھۆکارێک بوون بۆ داڕوخانی بەھای تمەن بەرامبەر دۆلار، سەبارەت بە بەرزبوونەوەی رێژەی ھەڵئاوسانیش لە سەرەتای ئەمساڵدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، گشتاندنی یارمەتییەکان و زیادکردنی ئەنجومەنی باڵای کار بۆ ٥٧% و گۆڕانکاری لە بنەمای گومرگی، بووەتە ھۆی ھەڵکشانی زیاتری ھەڵئاوسان.

ھاوکات، ژمارەیەک پەرلەمانتاری ئێران داوای لێپێچینەوەیان لە بەڕێوەبەری بانکی ناوەندی ئێران کرد بەھۆی داڕوخانی بەھای دراوی ئێرانی و لێدوانە دژبەیەکەکانی سەبارەت بە زیادبوونی داھاتی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی بەھۆی بەرزبوونەوەی ھەناردەکردنی نەوت، لە کاتێکدا داڕمانی بەھای تمەن بەردەوامە.