تەندروستی جیھانی وادەی کۆتایی مەترسییەکانی کۆرۆنا و ئاوڵەی مەیمون رادەگەیەنێت

15/12/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

رێکخراوی تەندروستی جیھانی پێشبینیدەکات لە ساڵی داھاتوودا مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئاوڵەی مەیمون کۆتاییان پێبێت.

تێدرۆس ئەدھانۆم بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی تەندروستی جیھانی رایگەیاند، لە ھەفتەی رابردوودا کەمتر لە ١٠ ھەزار کەس بەھۆی کۆرۆناوە لە جیھاندا گیانیان لەدەستداوە، کە یەک لەسەر پێنجی ئامارەکانی گیان لەدەستدانە لە ماوەی ھەفتەیەکی ساڵی رابردوودا.

وتیشی، ھێشتا چەندین ئاستەنگ ماون لەبەردەم بنەبڕکردنی کۆرۆنا، چونکە لەو وڵاتانەی خاوەن داھاتێکی کەمن، تەنھا کەسێک لە کۆی پێنج کەس ڤاکسینیان وەرگرتووە. 

سەبارەت بە ئاوڵەی مەیمونیش، "ئەدھانۆم" رایگەیاند، تائێستا زیاتر لە ٨٢ ھەزار حاڵەتی تووشبوون لە ١١٠ وڵاتەوە تۆمارکراوە و تەنھا ٦٥ کەس لە جیھاندا گیانیان لەدەستداوە.
وتیشی، پێشبینیدەکەن مەترسییەکان و باری نائاسایی کۆرۆنا و ئاوڵەی مەیمون لە ساڵی داھاتوو کۆتاییان بێت.