پلاسخارت: ھەوڵەکانی حکومەت دژی گەندەڵی روبەڕووی ئاسەنگ دەبێتەوە

09/12/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەڵێت، کەیسی دزیی سەدە لەعێراق دواھەمین نابێت، بەڵام ھیوادارن ببێتە زەنگی ئاگادارکردنەوە.

جینین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، لە ڕۆژی جیھانیی دژە گەندەڵیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، گەندەڵیی یەکێکە لەو کێشە گەورانەی عێراق گیرۆدەی بووە و بووەتە ھۆی لاوازکردنی پێشکەوتن و بێبەشکردنی ھاوڵاتیان لە مافەکانیان ئەگەر بەم شێوەی ئێستاش بەردەوام بێت بە خراپ بەسەر عێراقدا دەشکێتەوە، کەیسی دزیی سەدەش دواھەمین نابێت، بەڵام ھیوادارن ببێتە زەنگی ئاگادارکردنەوە. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەڵگەنەویستە کە گۆڕانکاریی سیستەماتیکی لەوپەڕی پێویستیدایە بۆ داھاتووی عێراق، بەدڵنیاییشەوە ھەوڵەکانی حکومەت لەدژی گەندەڵی روبەڕووی ئاسەنگ دەبێتەوە لەلایەن ئەو کەسانەی زیانیان پێدەگات، بۆیە پێویستە ھەمووان شەڕی لێپێچینەوە و شەفافیەت و سەروەری یاسا بکەن بۆئەوەی بتوانرێت سیستمێک دروست بکرێت کە پێویستییەکانی کۆمەڵگا دابین بکات لەبری خزمەتکردنی توێژێکی داخراو کە بایەخیان بۆ بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان زۆر کەمە.