میر حسێن موسەوی پەیامێکی لەبارەی خۆپیشاندانەکان بڵاوکردەوە

09/12/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

سەرکردەی بزوتنەوەیەکی ئێران لە پەیامێکیدا بۆ خامنەیی دەڵێت خوێنڕشتن و لەسێدارەدان و ستەم گرەنتی بەردەوامی دەسەڵاتەکەی ناکەن.

میر حسێن موسەوی سەرکردەی بزوتنەوەی سەوز بۆ چاکسازی لە ئێران کە لەساڵی ٢٠١١ەوە لە ژێر چاودێری و مانەوەی ناچاریدایە لەتاران، لەبارەی خۆپیشان و ناڕەزاییەکانەوە پەیامێکی ئاراستەی عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران کردووە و رایگەیاندوە، لە ھیچ وڵات و شوێنێکی جیھان، ستەم و ھەڕەشە و توندوتیژی نەیتوانیوە کۆتایی بە خۆپیشاندان و ناڕەزایی خەڵکدا بھێنێت، بۆ ئێستای ئێرانیش نە توندوتیژی و نە لەسێدارەدان ناتوانن توڕەیی خەڵک کەمبکەنەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە کوشتن و خوێنڕشتن زیاتر دەکات.

وتیشی، ئەرکی دەسەڵات پاراستنی گیان و ماڵی ھاوڵاتیان، نەک کوشتن و وێرانکردنی ژیانیان، بۆیە پێویستە دەسەڵاتدارانی ئێرانیش ئەوەیان لەبیر بێت کە شۆڕشەکەی ساڵی ١٩٧٩ بۆ چۆڵکردنی گرتووخانەکان بووە نەک پڕکردنی لە کەسانێک داوای مافەکانیان دەکەن، جەختیشیکردوەتەوە، پێویستە خامنەیی دڵنیابێت لەو راستییەی خوێنڕشتن و لەسێدارەدان و ستەم گرەنتی بەردەوامی دەسەڵاتەکەی ناکەن.