تورکیا دەوروبەری کۆبانێ و گرێ سپی و عەین عیسای بۆردوومان کرد

09/12/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

نزیکەی ٢٠ رۆژە ھێرشی ئاسمانی و تۆپبارانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و باکوری خۆرھەڵاتی سوریا بەردەوامە، روسیاش پێشنیاری کشانەوەی ھێزەکانی سوریای دیموکراتی لە چەند ناوچەیەک داوەتە تورکیا.

شەوی رابردوو، سوپای تورکیا گوندی تەل جومعەی لە ریفی تەل تەمر بە ھاوەن بۆردوومان کردووە. ھاوکات دەوروبەری کۆبانێ و گرێ سپی و عەین عیسا بە چەکی قورس بۆردوومان کراون و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا بەسەر ئاسمانی ناحیەی عەین عیسا و سرین سوڕاونەتەوە. 

لەلایەکی ترەوە، سەرچاوە تورکییەکان بڵاویانکردووەتەوە، روسیا پێشنیاری کشانەوەی ھێزەکانی سوریای دیموکراتی لە کۆبانێ و مەنبەج داوەتە تورکیا، ئەوەش لە چوارچێوەی بەردەوامی دانوستانەکانی وەفدی روسیا و تورکیا، کە لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەدەچێت. 

بەپێی ئەو سەرچاوانە، روسیا تەنھا پێشنیاری مانەوەی ھێزەکانی ئاسایشی کردووە کە لەگەڵ دامەزراوەی ئەمنی حکومەتی سوریا تێکەڵ بکرێنەوە، لە ئێستاشدا تورکیا تاوتوێی ئەو پێشنیارە دەکات. 

روسیا ئەوەشی راگەیاندووە کە ھەسەدە بە پێشنیارەکە قایلە، بەو مەرجەی تورکیا ھێرشی وشکانی بۆ سەر باکوری سوریا ئەنجام نەدات.