لەسێدارەدانی دوو خۆپیشاندەر لە ئێران کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە

09/12/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لەسێدارەدانی دوو خۆپیشاندەر لەلایەن ئێرانەوە، کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و وڵاتانی جیھان و رێکخراوە مرۆییەکان ئیدانەی دەکەن.

نید پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لەسێدارەدانی خۆپیشاندەرانی ئێران پێشھاتێکی ترسناکە بۆ دادگا و سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان، بەڵێنیشیدا بە لێپرسینەوە لەگەڵ لێپرسراوانی ئێران. 
ھاوکات، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا باڵیۆزی ئێرانی لە بەرلین بانگھێشت کرد. "ئەنالینا بیربوک" وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا وتی، پێشێلکاری ئێران بۆ مافی مرۆڤ ھیچ سنورێکی نییە. 

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش ئیدانەی لە سێدارەدانی دوو خۆپیشاندەرەکەی ئێرانی کرد و رایگەیاند، ئەو ھەنگاوە ئاماژەیەکە بۆ دڕندەیی و نادادپەروەری حکومەتی ئێران، چونکە دەیان کەسی تر ھەمان چارەنووس چاوەڕێیانە. 

کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئاماژەی بەوەکرد، سزای لەسێدارەدان لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ یەکناگرێتەوە.