ئێران یەکەم خۆپیشاندەری بە تۆمەتی ئاژاوەگێڕی و تێکدانی ئاسایشی گشتی لەسێدارەدا

08/12/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ئێران یەکەم خۆپیشاندەری بە تۆمەتی داخستنی شەقامێکی تاران و بریندارکردنی ئەفسەرێکی ھێزە ئەمنییەکان و تێکدانی ئاسایشی گشتی لەسێدارەدا.

ئاژانسەکانی ھەواڵی ئێران بڵاویانکردەوە، دەزگای دادی ئێران موحسین شکاری تۆمەتبارکردووە بە داخستنی شەقامی ستارخان لە تاران و بریندارکردنی ئەفسەرێکی ھێزەکانی بەسیج و ھاندانی خەڵک بۆ خۆپیشاندان و ناڕەزایی.

راشیانگەیاند، لە یەکەم رۆژی دادگاییدا کە رۆژی ٢ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، موحسین شکاری دانیناوە بەو تۆمەتانەی کە ئاڕاستەی کرابوو، دوای بڕیاری دادگا بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەو گەنجە لەسێدارەدرا.

لە سێدارەدانی ئەو گەنجە لە تاران لەکاتێکدا تائێستا زیاتر لە ٥٠ خۆپیشاندەر بە بیانوی تێکدانی ئاسایشی ئێران سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە و ئەگەری لەسێدارەدانیان ھەیە.