یەکێتی لەبارەی پەلاماردانی جوتیارانی کورد ھۆشداری بە حکومەتی عێراق و ھەرێم دەدات

07/12/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لێپرسراوی بۆردی پێکھاتەکانی یەکێتی رایگەیاند، پەلاماردانی جوتیارانی کورد لە شارۆچکەی ھەفتەغار، دووبارەبوونەوەی تەعریبە و دەبێت حکومەتەکانی عێراق و ھەرێم رێگری لێبکەن و ئەو کێشە چارەسەر بکەن.

لەبارەی ئەو پەلامارەی عەرەبە ھاوردەکان لە شارۆچکەی ھەفتەغار لە سنووری داقوق کردیانە سەر جوتیارانی کورد، حەسیبە عەبدوڵا، لێپرسراوی بۆردی پێکھاتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، مەرامی داگیرکردنی زەویوزاری جوتیارانی کورد لەو ناوچانە درێژەدانە بە سیاسەتی تەعریبکردنەوەی کەرکوک کە ڕژێمی بەعسی لەناوچوو بۆ شێواندنی دیموگرافیای پارێزگاکە ڕەنگڕێژی ئەو سیاسەتەی کردووە.

راشیگەیاند، ئەرکی لەمێژینەی سەرکردایەتی کوردە لەسەر ئەو کێشەیە بێنەدەنگ و ئەرکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیشە بەدواداچون بۆ کێشەکە بکات، ھەروەھا ئەرکی سەرەکی حکومەتی عێراقی فیدڕاڵیشە کار بۆ چارەسەری کێشەکە بکەن بەپێی بنەماکانی دەستور و بڕیارەکانی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠.

وتیشی، ئەرکی نەتەوەیەکگرتوەکانیشە فشار دروستبکەن بۆ چارەسەری کێشەکە بەپێی دەستور، ھەروەھا پێی وایە بێدەنگی ئیدارەی کەرکوک لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوو لەو کێشەیە، ڕاستەوخۆ دەربڕینی پشتیوانییە بۆ عەرەبە ھاوردەکان کە پەلاماری جوتیارانی کورد بدەن بۆ داگیرکردنەوەی زەویوزارە کشتوکاڵیەکانیان.

لێپرسراوی بۆردی پێکھاتەکانی یەکێتی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، شێواندنی پەیوەندی لەمێژینەی پەیوەندی نێوان پێکھاتەکانی کەرکوکیش کە یەکێکە لەو ھۆکارانەی تەعریبی لەسەر داڕێژراوە، ئەو مەترسیەیە دەبێت حکومەتی نوێی عێراق لەبەرچاوی بگرێت و ڕێگربێت لە ڕوودانی، دەنا پێش ھەر شتێک ھەر دەرھاویشتەیەک لە دۆخەکە بکەوێتەوە، حکومەتی عێراق و ئیدارەی کەرکوک لێی بەرپرسیار دەبن.