دەوروبەری دوو گوندی پێنجوێن لەلایەن فڕۆکەی بێفرۆکەوانەوە بۆردومان کران

07/12/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ئەمشەو دەوروبەری دوو گوندی پێنجوێن لەلایەن فڕۆکەی بێفرۆکەوانەوە بۆردومان کران، ھاوکات فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دەوروبەری گوندێکی قەزای ئامێدییان بە چڕی بۆردومان کرد.

غەریب عەلی، بەڕێوەبەری ناحیەی گەرمک بە کوردسات نیوزی راگەیاند، نزیک سەعات شەشی ئێوارەی ئەمڕۆ دەوروبەری گوندەکانی شیوەگوێزان و تەیمز لە نزیک سەیرانبەن لە سنوری قەزای پێنجوێن، لەلایەن فڕۆکەی بێفرۆکەوانەوە بۆردومان کران، تا ئێستا زیانەکان نەزانراوە.

وتیشی، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا بۆردومانەکەی ئەنجامداوە.

لە لایەکی ترەوە پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، ئەمشەو فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە چڕی دەوروبەری گوندی گوھەرزێ-یان  لە زنجیرە چیای مەتینا لە سنوری قەزای ئامێدی بۆردومان کرد.