لە ئەڵمانیا ٢٥ کەس بە تۆمەتی ھەوڵدان بۆ ئەنجامدانی کودەتا دەستگیرکران

07/12/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لە ئەڵمانیا ھەوڵێکی کودەتا شکستی پێھێنرا و ھێزە تایبەتەکان لە ئۆپراسیۆنێکی گەورەدا ٢٥ ئەندامی گروپێکیان دەستگیرکرد کە پلانیان دانابوو بۆ روخاندنی حکومەت و ھێرشکردنە سەر پەرلەمان.

 رۆژنامەی شپیگڵ بڵاویکردەوە، ھێزە تایبەتەکان لە یەککاتدا ئۆپراسیۆنێکی گەورەیان لە ١١ ویلایەتی فیدراڵی دەستپێکردووە و بە فەرمانی داواکاری گشتی وڵات ٢٥ ژن و پیاویان دەستگیرکردووە و ھەڵمەتی گەڕان و پشکنیشنیش لە ١٣٠ خانوو و نوسینگە بەردەوامە.

رونیشیکردووەتەوە، دەستگیرکراوەکان پلانیان داناوە بۆ روخاندنی حکومەتی فیدراڵی و رفاندنی وەزیری تەندروستی، پێدەچێت ژمارەیەک لە ئەندامانی ھێزە ئەمنییەکان ھەماھەنگییان لەگەڵ تیرۆریستان ھەبووبێت.

ھاوکات داواکاری گشتی ئەڵمانیا ئاشکرایکرد، لەنێو دەستگیرکراوەکاندا ھاووڵاتییەکی رووسی ھەیە، بەڵام ھیچ بنەمایەک نییە بۆ ئەو بۆچوونەی پێیوایە بەرپرسانی روسیا پاڵپشتی دەستگیرکراوەکانیان کردووە.

گروپێکی راستڕەوی توندڕەوی لایەنگری نازییەکان دەستوری ئێستای ئەڵمانیا رەتدەکەنەوە و پێیانوایە رایخی دووەم لەسەر بنەمای دەستوری ساڵی ١٨٧١ بەردەوامە.