دیموکراتەکان ھەڵبژاردنی نیوەیی کۆنگرێسیان لە ویلایەتی جۆرجیا بردەوە

07/12/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ھەڵبژاردنی نوێکردنەوەی نیوەیی کۆنگرێسی ئەمریکا لە ویلایەتی جۆرجیا دووبارەکرایەوە و کاندیدی دیموکراتەکان سەرکەوتنی بەدەستھێنا.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە،  رافائیل وارنۆک سیناتۆری دیموکراتەکان لەسەدا ٥٠.٧ی دەنگەکان و ھیرشل وۆکەر کاندیدی کۆمارییەکان لەسەدا ٤٩.٣ی دەنگەکانیان بەدەستھێناوە، بەو ئەنجامەش دیموکراتەکان توانیان پارێزگاری لە باڵادەستیان لە ئەنجومەنی پیران بکەن.

رافائیل وارنۆک یەکەم سیناتۆری بەرەچەڵەک ئەفریقییە لە ویلایەتی جۆرجیا لە دوو خولی ھەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتن بەدەستدەھێنێت، بەو سەرکەوتنەش ژمارەی کورسی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی پیران بوو بە ٥١ کورسی لە کۆی ١٠٠ کورسی.

ویلایەتی جۆرجیا لە رووی مێژووییەوە بۆ کۆمارییەکان یەکلابووەتەوە، بەڵام لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٢٠ پشتیوانی جۆ بایدنیان کرد لەبەرامبەر دۆناڵد ترامپ.