قوباد تاڵەبانی: ڕۆتین كە‌مبكرێتە‌وە‌ و ئاسانكاری بۆ بازرگانان بكرێت لە‌پێناو چالاكتركردنی جموجۆڵی بازرگانی

22/06/2021
قوباد تاڵەبانی
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد لەگەڵ ئەو وەزارەت و بەڕێوبەرایەتیانەی کە پەیوەندیدارن بە کاری دەروازە سنوورییەکان بە ئامانجی رێکخستنەوەی جموجۆڵی بازرگانی و دروستکردنی ھەماھەنگی زیاتر بۆ چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان ڕایگەیاند ،گرنگە وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی پەیوەست بەکاری دەروازەکان، کار لەسەر کەمکردنەوەی ڕۆتین بکەن، لەپێناو ئاسانکاری زیاتر بۆ بازرگانان کە ئەمەش ھۆکارێکە بۆ چالاکترکردنی جموجۆڵی بازرگانی و بەھێزکردنی کەرتی تایبەت .


لە کۆبوونەوەکەدا ئەمڕۆ لە ھەولێر، قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە،  لە ڕێکخستنەوەی شێوازی کۆکردنەوەی داھاتی دەروازە سنوورییەکان و ھەروەھا ڕێکخستنەوەی میکانیزمی جێبەجێ کردنی ئەو رێنماییانەی تایبەتن بە کاروباری دەروازە سنورییەکان. 
جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەکرد، گرنگە وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی پەیوەست بەکاری دەروازەکان، کار لەسەر کەمکردنەوەی ڕۆتین بکەن، لەپێناو ئاسانکاری زیاتر بۆ بازرگانان کە ئەمەش ھۆکارێکە بۆ چالاکترکردنی جموجۆڵی بازرگانی و بەھێزکردنی کەرتی تایبەت، ھەر بۆ ئەو مەبەستەش پێداگری کرد لەسەر داڕشتنی پەیڕەوێکی کاری ھاوبەش لەگەڵ دیاریکردنی میکانیزم بۆ چۆنییەتی جێبەجێکردنی لە دەروازە سنوورییەکان. 
لە کۆبوونەوەکەدا وەزیرانی ناوخۆ، دارایی و ئابوری، پلاندانان، شارەوانی و گەشتوگوزار، ئاوەدانکردنەوە، تەندروستی، گواستنەوەو گەیاندن، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، بەڕێوبەری گشتی گومرگ، نوێنەری وەزارەتی کشتوکاڵ و بەرێوەبەری گشتی بازرگانی ئامادەبوون.
ئەم کۆبوونەوەیە تەواوکەری کۆبوونەوەی ھەفتەی رابردووی قوباد تاڵەبانی بوو لەگەڵ بەڕێوبەرانی گومرگەکانی ھەرێمی کوردستان و بانکە بازرگانییەکان کە تیایدا جەخت کرایەوە لەسەر چاکسازی کردن و ڕێکخستنەوەی کاری گومرگەکان و دەروازە سنورییەکان و کەمکردنەوەی ڕۆتین بە مەبەستی زیادکردن و ھەمەجۆرکردنی داھاتی دارایی و چالاکترکردنی جموجوڵی بازرگانی.