لیژنەی سامانە سروشتییەكان دەربارەی گرانی بەنزین هاتە قسە

22/06/2021
لیژنەی سامانە سروشتییەكان گرانی بەنزین
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لیژنەی سامانە سروشتییەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوا دەكات، هاوشێوەی ساڵانی رابردوو كارئاسانی بۆ بازرگانان و كۆمپانیاكانی هێنانی سوتەمەنی بكەن.

لیژنەی سامانە سروشتییەكان  لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، سەبارەت بە گرانبوونی نرخی بەنزین، نوسراوێكی ئاڕاستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگا و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم كردوەو تیایدا،  داوای دەسەڵاتی پێدانی رەسیدی هێنانی سوتەمەنی بۆ پارێزگاكان كردووە هاوشێوەی ساڵانی رابردوو،ئەمەش بەمەبەستی كارئاسانی بۆ بازرگانان و كۆمپانیاكانی هاوردەی سوتەمەنی.

هاوكات داوایانكردوە، دەسەڵاتی تەواو بدرێت بە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكان بۆ پشكنینی سەرجەم جۆرەكانی سوتەمەنی لە دەروازەكان ، چونكە بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە دەروازەكان پشكنینیان بۆ ناكرێت، تەنیا لە تاقیگەی وەزارەت پشكنینان بۆ دەكرێت.

هاوكات لیژنەی سامانە سروشتییەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە نوسراوێكی دیكەدا داوا لە وەزارەتی دارایی هەرێم دەكەن ، هەموو جۆرە باج و رسوماتێك لەسەر سوتەمەنی هاوردەكراو لە هەڵبگرن بەتایبەتی بەنزین،هەروەها  داواشیكردوە وەزارەتی دارایی كۆمپانیاكانی دەروازە سنورییەكان ئاگاداربكاتەوە، هیچ بڕەپارەیەك لە بارهەڵگرەكانی سوتەمەنی وەرنەگرن، چونكە دەبێتە هۆی زیادكردنی تێچووی بەنزینی هاوردە و گران بوونی نرخەكەی.