ئەمریکا:بۆردومانەکانی تورکیا رەنگە مەترسی لەسەر شەڕی داعش دروست بکەن

03/12/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ئەمریکا ھۆشداری بە تورکیا دەدات و دەڵێت، بۆردومانەکانی ئەو وڵاتە لە رۆژئاوای کوردستان کاریگەریی لەسەر ئۆپراسیۆنەکانی ئەمریکا و ھەسەدە لە دژی داعش دەبێت.

جۆن کێربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، بۆردومانەکانی تورکیا لە باکووری رۆژھەڵاتی سوریا بەردەوامن و ئۆپراسیۆنە ئاسمانییەکانی مەترسییەکی زۆر دروست دەکەن و ئەمریکا نایەوێت ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە سوریا جارێکیتر ببنەھۆی زیانی گیانی لەناو ھاووڵاتیانیی مەدەنی، کە دەبێتە ھۆی زیانی گیانی لەنێو کارمەندەکانی ئەمریکا و ھێزەکانی سوریای دیموکرات-ھەسەدە، کە ھاوبەشی ئەمریکان، سەرقاڵ بکات و لە ئەرکی راستەقینەیان کە بەرەنگاربوونەوەی داعشە دوور بخاتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئاستی ستراتیژیی ھاوکاری لەگەڵ ھەسەدە ھیچ مەترسییەکی لەسەر نییە، بەڵام بۆردومانەکانی تورکیا بۆ سەر ھێزەکانی ھەسەدە بەو مانایەیە کە ھێزە کوردییەکان کەمتر ئامادە دەبن بۆ بەردەوامبوون لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، ئەوەش مایەی نیگەرانی ئەمریکایە.