داواکاری گشتی ئێران داوای داخستنی تۆڕی ئینتەرنێت دەکات

03/12/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

محەمەد جەعفەر مونتەزیری داواکاری گشتی ئێران داوا دەکات تۆڕی ئینتەرنێت بەتەواوەتی لە وڵاتەکەی دابخرێت، دەشڵێت، حکومەتی پێشوو گەورەترین ناپاکی لە فەرمانەکانی رابەری باڵا کردوە پەیوەست بە بواری ئەلیکترۆنی.

داواکاری گشتی ئێران وتیشی، ئەمڕۆ داوای فلتەرکردنی ئینتەرنێت دەکات، بەڵام دەبێت بواری مەجازی بەتەواوەتی دابخرێت، ئەگەر لە رابردوودا بەرپرسانی باڵای دەسەڵات بەداواکارییەکە رازی نەبوبێتن ئەمڕۆ دەکرێت جێبەجێ بکرێت.

مونتەزیری دووپاتیشیکردەوە، حکومەتەکەی حەسەن رۆحانی بە سەرپێچیکردنی فەرمانەکانی رابەری باڵا لە بواری ئەلیکترۆنی گەورەترین ناپاکی کرد، بەو پێیەی رابەری باڵا تۆڕی ئینتەرنێتی بە ھێرش بۆ سەر کلتور ناوبردوە.

لەدوای سەرھەڵدانی خۆپیشاندانەکان لە رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران، دەسەڵاتدارانی ئێران تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان سنوردارکردوە، ئەوەش ناڕەزایی ناوخۆیی و کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.