سوپای ئەمریکا گەڕانە ھاوبەشەکانی لە باکوری سوریا راگرت

03/12/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ئەمریکا گەڕانە ھاوبەشەکانی لەگەڵ ھێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە باکوری سوریا راگرت.

فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا سنتکۆم رایگەیاند، ھێزەکانیان لە باکوری سوریا گەڕانە ھاوبەشەکانیان لەگەڵ ھێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش راگرتووە، ئەوەش دوای ئەوەی ھەسەدە لە دەرئەنجامی ھێرش و بۆردومانەکانی تورکیا ھەماھەنگییەکانی لەگەڵ ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش راگرت.

ئاماژەی بەوەشکردوە، سوپای ئەمریکا و ھەسەدە گەڕانەکانیان بۆ پاراستنی کەمپی ھۆل و گرتووخانەکان بەردەوام دەبێت و ئەمڕۆش گەڕانی نوێ ئەنجام دەدەن.

لەلایەکی ترەوە جۆن کێربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی لە کۆشکی سپی  رایگەیاند، بۆردومانەکانی تورکیا بۆ سەر باکوری سوریا بەردەوامە، بەڵام ھیچ ئاماژەیەک نییە بۆ نزیکی ھێرشی زەمینی.

وتیشی، ھەر ئۆپراسیۆنێکی نوێ لە باکوری سوریا تەنھا مەدەنییەکان ناخاتە مەترسییەوە، بەڵکو لەوانەیە مەترسی بۆ سەر ھێزەکانیشیان لە ناوچەکەدا دروست بکات و سەرنجی ھاوبەشەکانیان لە ھێزەکانی سوریا لە ئەرکی سەرەکی لادەبات کە بریتییە لە بەرەنگاربوونەوەی گروپی تیرۆریستی داعش.