خالید شوانی کۆنووسی لیژنەی تایبەت بۆ دووبارە دانانەوەی لە کار لادراوانی سیاسی پەسەندکرد

30/11/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

وەزیری دادی عێراق کۆنووسی لیژنەی تایبەت بۆ دووبارە دانانەوەی لە کار لادراوانی سیاسی و ھەژمارکردنی ماوەی لابردنیان و ڕەشنووسی یاسای ھەموارکردنەوەی ڕسومی دادوەری پەسەند کرد.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی"د.خالید شوانی"وەزیری دادی عێراق رایگەیاند، وەزیری داد کۆنووسی لیژنەی تایبەت بۆ دووبارە دانانەوەی لە کار لادراوانی سیاسی و ھەژمارکردنی ماوەی لابردنیانی پەسەند کرد، لە کۆنوسەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەکراوە، ھەژمارکردنی ماوەی دابڕانی سیاسی و زیادکردنی خزمەتیان بەپێی بڕیارەکانی دابڕانی سیاسی دەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ وەزارەتی دارایی گفتوگۆ دەکەن.

ھاوکات وەزیری داد ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر تەواوکردنی ڕێکارەکانی دامەزراندنەوەی ئەو لەکار لادراوە سیاسیانەی دانەمەزراونەتەوە دوای تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان.

ھەروەھا نوسینگەی ڕاگەیاندنی وەزیری دادی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، وەزیری داد رەشنووسی یاسای ھەموارکردنەوەی ڕسومی دادوەری ژمارە ١١٤ی ساڵی ١٩٨١ی پەسەند کردوە و ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران کرا بە مەبەستی تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکانی.

جەخت لەوەشکراوەتەوە، بەدواداچوون بۆ پرسی ھەموارکردنەوەی یاسای ڕسومی دادوەری دەکات، کە گەرەنتی موخەسەساتی فەرمانبەران دەکات تا ئەو ڕادەیەی کە ھاوتا بێت لەگەڵ ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەشی دەکەن.