بەھۆی نەبوونی کوتانەوە ملیۆنان منداڵ ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە

29/04/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە ساڵی ڕابردووەوە سیستمی کوتانی منداڵان بەھۆی کۆرۆناوە لە جیھاندا تێکچووە، ئەوەش ٢٢٨ ملیۆن منداڵ ڕووبەڕووی مەترسی تووشبوون بەو نەخۆشیانە دەکاتەوە کە مەترسیدارن و دەکرێت لێی پارێزراو بن.

دەزگا تەندروستییەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن، بەھۆی کۆرۆناوە، ملیۆنان منداڵ لە ساڵی ڕابردووەوە بە شێوەیەکی ڕێکخراو نەکوتراون، بۆیە مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی سورێژە و شەلەل و پەتای زەرد و دفتیریا زیاتر بووە، بە تایبەت منداڵانی ئەفریقا، جگە لە ئەفریقاش ئێستا نەخۆشی سورێژە بە شێوەیەکی مەترسیدار لە یەمەن و پاکستان بڵاوبووەتەوە و ئەگەر پێکوتە ڕۆتینییەکان لە کاتی خۆیاندا بەکارنەھێنرێن، دوور نیە نەخۆشی تریش لە نێو منداڵاندا بڵاوبێتەوە.


بە پێی ڕاپرسییەکی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانیی، بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٠، ئەمساڵ بەکارھێنانی پێکوتەکانی منداڵان ڕێکخراوترە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە کۆی ١٣٥ وڵات کە بەشداری ڕاپرسییەکەیان کردووە، زیاتر لە سێیەکیان ئاماژەیان بەوە کردووە کە تا ئێستا لە بەکارھێنانی پێکوتە ڕۆتینیەکاندا ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە.


ھێنریتا فۆر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان (یونسێف) دەڵێت، پێش کۆرۆناش، نیگەران بوین لەوەی خەریکبوو ئەوەی بەدەستمان ھێنابوو لە بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکاندا لە دەستمان دەدا، چونکە ٢٠ ملیۆن منداڵ پێکوتەیان وەرنەدەگرت، ئێستا ڕەوشەکە خراپتریشە.


 بە پێی ڕاپرسییەکەی تەندروستی جیھانی، ئێستا ٦٠ ھەڵمەتی کوتانی بە کۆمەڵی منداڵان لە ٥٠ دەوڵەت ڕاگیراوە، ئەمەش ٢٢٨ ملیۆن منداڵ ڕووبەڕووی ئەو نەخۆشیانە دەکاتەوە کە دەکرێت بەھۆی پێکوتەکانەوە لێیان پارێزراو بن، نیوەی ئەو وڵاتانەش لە کیشوەری ئەفریقان.