پنتاگۆن: ھێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەستکەوتەکان دەخاتە مەترسییەوە

30/11/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ھۆشداری دەداتە تورکیا و دەڵێت، ھەر ھێرشێکی سەربازی بۆ سەر باکوری سوریا دەستکەوتەکانی جەنگی بەرەنگاربوونەوەی داعش لەو وڵاتە دەخاتە مەترسییەوە، داواش لە ئەنقەرە دەکات دانبەخۆیدا بگرێت.

ژەنراڵ بات رایدەر وتەبێژی پنتاگۆن لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەردەوامی شەڕ و بەتایبەت ھێرشی زەمینی، ئەو دەستکەوتانەی بە زەحمەت لە جەنگی دژبە داعش لە سوریا بەدیھاتوون دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە و سەقامگیری ناوچەکەش تێکدەدات.

وتیشی، لە ئەگەری ھێرشی زەمینی تورکیا بۆ سەر باکوری سوریا نیگەرانن و داوا لە ئەنقەرە دەکەن دانبەخۆیدا بگرێت، بە پێویستیشی زانی داواکارییە رەواکانی ئەو وڵاتە جێبەجێبکرێن.

لە باکور و رۆژھەڵاتی سوریا و بە دیاریکراوی لە بنکەی سەربازی تەنەف لەسەر سنوری عێراق و ئوردن ٩٠٠ سەربازی ئەمریکا ھەیە، بەوتەی وتەبێژی پنتاگۆن ئۆپراسیۆنەکانی گەڕانیان کەمکردووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ھەسەدە ھەماھەنگییەکانی لەگەڵ ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش راگرت.