ھیومان رایتس وۆچ: حکومەتەکەی کازمی پابەندنەبووە بە لێکۆڵینەوە لە بکوژانی خۆپیشاندەران

29/11/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

رێکخراوی ھیومان رایتس وۆچ حکومەتەکەی کازمی تۆمەتباردەکات بە پابەندنەبوون بە بەڵێنەکانی بۆ لێکۆڵینەوە لە بکوژانی خۆپیشاندەرانی ساڵی ٢٠١٩.

ھیومان رایتس وۆچ لە راپۆرتێکی ٣٤ پەڕەییدا رایگەیاندووە، حکومەتەکەی "مستەفا کازمی" سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق پابەندنەبووە بە لێکۆڵینەوە لە دەزگا ئەمنییەکان و ئەو چەکدارانەی لەلایەن حکومەتەوە پشتیوانی دەکرێن، سەبارەت بە کوشتنی خۆپیشاندەران و دیارنەمانی سەدان کەس لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٩. 

بەپێی راپۆرتەکە، خۆپیشاندەران خۆیان کردە قوربانی بۆ باشکردنی رەوشی ژیان، بەڵام حکومەت کەمترین دادپەروەری بەدینەھێناوە، چونکە بەڵێنەکانی حکومەتەکەی کازمی بە روبەڕوبوونەوەی توندوتیژی و بەدیھێنانی دادپەروەری بەتاڵ بوون و بکوژانیش بە ئازادی دەسوڕێنەوە. 

بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی ٢٠١٩ نزیکەی ٥٠٠ خۆپیشاندەر لە چەند ھەفتەیەکی کەمدا لەسەر دەستی ھێزە ئەمنییەکان و چەکداران کوژران. 

ھیومان رایتس وۆچ داواشی لە حکومەتەکەی "محەمەد شیاع سودانی" سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراقی کرد، زانیاری سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکان بڵاوبکاتەوە و جەختیشیکردەوە لە گرنگی ھاندانی دەسەڵاتی دادوەری بۆ ئاماژەدان بە چۆنێتی لێکۆڵینەوە و رێکارە دادوەرییەکان.