محەمەد شیاع سودانی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی لەبارەی پرۆژەیاسای بودجە کرد

26/11/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ کرد و جەختیکردەوە لەسەر پێویستی تەواوکردنی پرۆژەیاساکە بەزوترین کات و پێشکەشکردنی بە ئەنجومەنی نوێنەران.

لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق دووپاتیکردەوە، کارە لەپێشینەکانی بەرنامەی حکومەت، بریتین لە لەبەرنگاربوونەوەی بێکاری و کەمکردنەوەی رێژەی ھەژاریی و روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و باشترکردنی رەوشی خزمەتگوزارییەکان لەگەڵ ئەنجامدانی چاکسازی لەبواری ئابوریدا.

داواشیکرد لەناو پرۆژەیاسای بودجەدا، گرنگی بە پرۆژەکانی ژێرخان بدرێن لەپێناو ئامادەکردنی ژێرخانێکی گونجاو لەبواری ئابووری ناوخۆیی و بەدەستھێنانی ئامانجی بەرنامەی وزاری، ھاوکات پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و دروستکردنی جیاوازییەکی پێویست و بەرچاو بۆ ھاووڵاتی لەکەرتەکانی خزمەتگوزاری و ئابوری.