دەسەڵاتدارانی ئێران: ئەمریکا نەیتوانی وڵاتەکەمان گۆشەگیر بکات

24/11/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

دەسەڵاتدارانی ئێران دەڵێن، ھەوڵەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی بۆ گۆشەگیرکردنی ئێران و دابڕینی لە جیھان شکستیان ھێناوە.

ئیبراھیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا لە شاری ئیسلام شەھر دووپاتیکردەوە، گەلی ئێران بەدرێژایی ٤٣ ساڵ پیلانی سەرجەم دوژمنانی شکستپێھێناوە. ئەوەی وایکردووە، ھەوڵی دوژمن سەرەڕای ھەموو پیلانگێڕییەکان شکستبھێنێت ئامادەیی گەلی ئێران و رۆشنبیری و بیروباوەڕەکەیەتی، جەختیشیکردەوە لەسەر بەردەوامی پاراستنی ئەو رۆشنبیری و بیروباوەڕە بۆ ئاشکراکردنی پیلانی دوژمنان. 

رەئیسی ئاماژەی بەوەشکرد، دوژمن چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانی کردۆتە ئامانج لەبەرئەوە پێویستە رایەڵە رۆشنبیرییەکان لە نێوان ھەموو نەتەوەکان بپارێزرێن بۆ گەرەنتی پێکەوەژیان.

ھەروەھا حسین سەلامی فەرماندەی سوپای پاسداران رایگەیاند، دوژمن نیگەران و توڕەیە لەبەرئەوەی سەرجەم سیاسەتەکانی لەناوخۆی وڵات شکستیانھێناوە، وتیشی، ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی دەیانویست ئێران و گەلەکەی لە جیھان داببڕن بەڵام ئەوان بەردەوام بوون لە بەرەوپێشچوون و بەدەستھێنانی دەستکەوتی نوێ.