وریا غەفووری یاریزانی پێشووی ھەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران دەستگیر کرا

24/11/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

دوو مانگ و حەوت رۆژە خۆپیشاندان لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە و تەنھا لە شارەکانی رۆژھەڵات ١١٩ خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە پێنج ھەزار کەسیش دەستگیر کراون.

رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤ بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەماڵ خەدیری پور لە نەخۆشخانەی شاری ورمێ، بەھۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە، کە ناوبراو لە خۆپیشاندانەکانی چەند رۆژی رابردووی شاری مھاباد، بە تەقەی ڕاستەوخۆی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران بریندارکرابوو.

ئاماژەی بەوەشکرد، ھەر ئەمڕۆ وریا غەفوری، یاریزانی دیاری تۆپی پێی خەڵکی سنە و کاپتنی پێشووی تیمی ئیستقلال و ئەندامی پێشووی ھەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران کە ئێستا لە تیمی فولادی خوزستان یاری دەکات، لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراوە.

راشیگەیاند، تا ئێستا لە ٤٥ شاری رۆژھەڵاتی کوردستان و لەناو ٢٧ زانکۆ خۆپیشاندان کراوە و تائێستا ١١٣ ھاووڵاتی کورد بە تەقەی راستەوخۆی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون و شەش کەسیش لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە، ھەروەھا زیاتر لە پێنج ھەزار کەسیش دەستگیر کراون.

 رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوەشکردووە، ٣٥ ئەندامی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران لە کاتی روبەروبوونەوەیان لەگەڵ خۆپیشاندەراندا کوژراون.