لە یەک رۆژدا تورکیا ١١٦ گوند و شارۆچکەی لە باکور و رۆژھەڵاتی سوریا بۆردومانکردووە
کوردسات نیوز
ھەسەدە رایگەیاند، تەنھا رۆژی چوارشەممە تورکیا ١١٦ گوند و شارۆچکەی لە باکور و رۆژھەڵاتی سوریا بۆردومان کردووە، لە ئەنجامدا سێ شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی ١٠ مەدەنیش بریندار بوون.
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی ھێزەکانی سوریای دیموکرات-ھەسەدە رایگەیاند، تورکیا ھێرشەکانی بە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفرۆکەوان و کاتیۆشا و ھاوەن ئەنجامدا. ئاشکراشیکرد، تورکیا بە ھێرشەکانی بۆ سەر دامەزراوەکانی ھەرێمەکە، تاوانی جەنگی نێودەوڵەتی دەکات، ھەروەھا بە فڕۆکە، ھاوکاری داعش دەکات و دەیەوێت تیرۆریستان لە زیندان ھەڵبێن. ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بە ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر کەمپی ھۆل و زیندانەکان ئەو راستییە روون بووەتەوە.
جگە لە بۆردومانکردنی وێستگەکانی کارەبا و سومەتەمی و بیرە نەوتەکان، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ تورکیا کۆگاکانی گەنمی لە شارۆچکەی تربەسپی تۆپباران کرد و سێ تۆپ بەر کۆگاکان کەوتووە.
|